زەبوورەکان  
کۆکراوەی بەشی یەکەم 
 1
زەبوورەکانی 1–41 
 1 خۆزگە دەخوازرێت بەو کەسەی 
بەپێی ڕاوێژی بەدکاران ناڕوات و 
لە ڕێگای گوناهباران ڕاناوەستێت و 
لە کۆڕی گاڵتەجاڕان دانانیشێت. 
 2 بەڵکو ئارەزووی ئەو لە فێرکردنی* عیبری: تەورات. یەزدانە، 
شەو و ڕۆژ لە فێرکردنەکەی ورد دەبێتەوە. 
 3 وەک دارێک وایە کە لەدەم جۆگەی ئاو ڕوابێت و 
لە وەرزی خۆیدا بەرهەم بدات و 
گەڵاکانی هەرگیز وشک نەبن، 
لە هەموو کارێک سەرکەوتوو دەبێت. 
 4 بێگومان بەدکاران وانین، 
بەڵکو وەک کا وان کاتێک با پەرشوبڵاوی دەکاتەوە. 
 5 بۆیە نە بەدکاران لەبەردەم دادوەری بێتاوانن، 
نە گوناهبارانیش لە کۆڕی ڕاستودروستان دادەنیشن. 
 6 یەزدان چاودێری ڕێگای ڕاستودروستان دەکات، 
بەڵام ڕێگای بەدکاران لەناودەچێت.