یەرمیا  
 1
 1 پەیامی یەرمیای کوڕی حیلقیا، یەکێک لە کاهینانی شارۆچکەی عەناتۆت لە خاکی بنیامین.  2 فەرمایشتی یەزدانی بۆ دەهات، لە ساڵی سێزدەیەمینی پاشایەتی یۆشیای کوڕی ئامۆنی پاشای یەهودا،  3 هەروەها لە ماوەی پاشایەتی یەهۆیاقیمی کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا، هەتا مانگی پێنجی ساڵی یازدەیەمینی سدقیای کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا، کاتی ڕاپێچانەکەی خەڵکی ئۆرشەلیم. 
بانگکردنی یەرمیا 
 4 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات: 
 5 «پێش ئەوەی لەناو سکی دایکت شێوەت بکێشم، تۆم ناسی، 
پێش ئەوەی لە منداڵدان بێیتە دەرەوە، تەرخانم کردیت، 
تۆم کردە پێغەمبەری نەتەوەکان.» 
 6 بەڵام من گوتم: «ئای، ئەی یەزدانی باڵادەست، وتەبێژی لە توانامدا نییە، چونکە تەمەنم بچووکە.» 
 7 ئینجا یەزدان پێی فەرمووم: «مەڵێ: ”تەمەنم بچووکە.“ بۆ لای هەرکەسێک بتنێرم دەچیت و هەموو ئەوەی فەرمانت پێ بکەم ڕایدەگەیەنیت.  8 لێیان مەترسە، چونکە من لەگەڵتدام بۆ ئەوەی فریات بکەوم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. 
 9 ئینجا یەزدان دەستی درێژکرد و دەستی لە دەمم دا و پێی فەرمووم: «دڵنیابە، من وتەکانم دەخەمە دەمی تۆوە.  10 ببینە، ئەمڕۆ تۆم کرد بە پێغەمبەر بۆ نەتەوە و شانشینەکان، بۆ ڕیشەکێشکردن و شکاندن، بۆ لەناوبردن و ڕووخاندن، بۆ بنیادنان و چاندن.» 
 11 ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی یەرمیا، چی دەبینیت؟» 
منیش گوتم: «چڵە بادەمێک دەبینم.» 
 12 یەزدانیش پێی فەرمووم: «چاکت بینی، چونکە من لەسەر فەرمایشتەکەم چاودێر* لە زمانی عیبری دەنگی وشەی چاودێر، شۆقێد، نزیکە لە دەنگی وشەی داری بادەم، شاقێد. دەبم بۆ ئەنجامدانی.» 
 13 دووبارە فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات: «چی دەبینیت؟» 
منیش گوتم: «مەنجەڵێک دەبینم هەڵمی لێ هەڵدەستێت و ڕووی بەرەو باشوورە.» 
 14 یەزدانیش پێی فەرمووم: «لە باکوورەوە بەڵا بۆ هەموو دانیشتووانی خاکەکە دەبارێت.  15 خەریکم بانگەواز دەکەم بۆ هەموو نەتەوەکانی شانشینەکانی باکوور.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. 
«جا پاشاکانیان دێن و 
هەریەکە و تەختی خۆی لە داڵانی دەروازەی ئۆرشەلیم دادەنێت، 
هێرش دەبەن بۆ سەر هەموو شووراکانی چواردەوری ئۆرشەلیم و 
بۆ هەموو شارۆچکەکانی یەهودا. 
 16 منیش حوکمەکانم بەسەریان ڕادەگەیەنم، 
لەسەر هەموو خراپەکانیان کە وازیان لێ هێنام و 
بۆ خوداکانی دیکە بخووریان سووتاند و 
بۆ دەستکردەکانی دەستی خۆیان کڕنۆشیان برد. 
 17 «تۆش بازووی خۆتی لێ هەڵبکە! هەستە و قسەیان لەگەڵ بکە سەبارەت بە هەموو ئەوەی من فەرمانت پێدەدەم. لێیان مەتۆقە، نەوەک لەبەردەمیان بتتۆقێنم.  18 من ئەمڕۆ تۆم کردووەتە شارێکی قەڵابەند و کۆڵەکەی ئاسن و دیواری بڕۆنز، لە دژی هەموو خاکەکە، پاشاکانی یەهودا، پیاوە گەورەکانی، کاهینەکانی و گەلی خاکەکە.  19 لە دژت دەجەنگن و دەرەقەتت نایێن، چونکە من لەگەڵتدام بۆ ئەوەی فریات بکەوم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.