47
پەیامێک سەبارەت بە فەلەستییەکان 
 1 ئەمە فەرمایشتی یەزدانە بۆ یەرمیای پێغەمبەر سەبارەت بە فەلەستییەکان، بەر لەوەی فیرعەون پەلاماری غەزە بدات: 
 2 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: 
«ئەوەتا ئاو لە باکوورەوە هەڵدەستێت و 
دەبێتە لافاوێکی ڕاماڵ، 
زەوی و هەرچی لەسەریەتی ڕایدەماڵێت، 
شار و دانیشتووانەکەی. 
خەڵکی هاوار دەکەن، 
هەموو دانیشتووانی خاکەکە واوەیلا دەکەن 
 3 لە دەنگی تەقەی سمی ئەسپە بە تواناکانی، 
لە خڕەی گالیسکەکانی و 
جیڕەی چەرخەکانی. 
باوک ئاوڕ لە کوڕ ناداتەوە 
لەبەر شلبوونی دەستەکانی. 
 4 لەبەر ئەوەی ئەو ڕۆژە هاتووە 
بۆ تەفروتوناکردنی فەلەستییەکان و 
بۆ بڕینەوەی هەموو پاشماوەیەک 
کە بتوانن پشتگیری پاشایەتی سور و سەیدا بکەن. 
یەزدان خەریکە فەلەستییەکان تەفروتونا دەکات، 
پاشماوەی کەناری کەفتۆر. 
 5 خەڵکی غەزە لەبەر ماتەم سەریان دەتاشن، 
ئەسقەلان کپ دەبێت. 
ئەی پاشماوەی خەڵکی دۆڵەکان، 
هەتا کەی لەشی خۆتان بریندار دەکەن؟ 
 6 «”ئای ئەی شمشێری یەزدان، 
هەتا کەی پشوو نادەیت؟ 
بڕۆ ناو کێلانەکەتەوە* کالانەکەتەوە. و 
هێدی بە و کپ بە.“ 
 7 بەڵام چۆن پشوو دەدات 
کە یەزدان فەرمانی پێکردبێت، 
لە دژی ئەسقەلان و لە دژی کەناری دەریا، 
لەوێ ئەرکی پێ سپارد؟»