زەبووری 24
زەبوورێکی داود. 
 1 زەوی و هەرچی تێدایە هی یەزدانە، 
جیهان و ئەوانەی تێیدا دەژین، 
 2 چونکە لەسەر دەریاکان بناغەی داناوە و 
لەسەر ڕووبارەکان دایمەزراندووە. 
 3 کێ سەردەکەوێتە سەر کێوی یەزدان؟ 
کێ لە جێگای پیرۆزی ئەو دەوەستێت؟ 
 4 ئەوەی دەست پاک و دڵی بێگەرد بێت، 
ئەوەی مەیلی شتی پووچ نەکات و 
بە درۆ سوێند نەخوات. 
 5 لە یەزدانەوە بەرەکەت بەدەستدەهێنێت، 
لە خودای ڕزگارکەری بێتاوانکردن. 
 6 ئەمەیە ئەو نەوەیەی دوای یەزدان دەکەوێت، 
ئەوەی ڕوویان لە تۆ دەکەن، ئەی خودای یاقوب.* لە دەقی عیبری لێرە و لە ئایەتی 10، وشەی سەلاە هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە. 
 7 ئەی دەروازەکان، سەر هەڵبڕن! 
ئەی دەرگا دێرینەکان، بەرزبنەوە، 
هەتا پاشای شکۆمەندی بێتە ژوورەوە. 
 8 ئەم پاشایەی شکۆمەندی کێیە؟ 
یەزدانی بەهێز و دەسەڵاتدارە، 
یەزدانی پاڵەوان لە جەنگ. 
 9 ئەی دەروازەکان، سەر هەڵبڕن! 
ئەی دەرگا دێرینەکان، بەرزبنەوە! 
هەتا پاشای شکۆمەندی بێتە ژوورەوە. 
 10 ئەم پاشایەی شکۆمەندی کێیە؟ 
یەزدانی سوپاسالار پاشای شکۆمەندییە. 
*زەبووری 24:6 لە دەقی عیبری لێرە و لە ئایەتی 10، وشەی سەلاە هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.