حەگەی  
 1
بانگەواز بۆ بنیادنانەوەی ماڵی یەزدان 
 1 لە یەکی مانگی شەشی ساڵی دووەمی داریوشی پاشا فەرمایشتی یەزدان لە ڕێگەی حەگەی پێغەمبەرەوە بۆ زروبابلی کوڕی شەئەلتیێلی فەرمانڕەوای یەهودا و بۆ یەشوعی کوڕی یەهۆچاداقی سەرۆک کاهین هات و فەرمووی: 
 2 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «ئەم گەلە گوتیان: ”هەتا ئێستا کاتی بنیادنانەوەی ماڵی یەزدان نەهاتووە.“» 
 3 ئینجا فەرمایشتی یەزدان لە ڕێگەی حەگەی پێغەمبەرەوە هات:  4 «ئایا دەگونجێ کە لە ماڵە ڕازاوەکەتان دابنیشن، بەڵام ئەم ماڵە وێرانە؟» 
 5 ئێستاش یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «لە کردەوەکانتان ڕابمێنن.  6 زۆرتان چاند، بەڵام کەم هات. خواردتان، بەڵام تێر نەبوون. خواردتانەوە، بەڵام تینووێتیتان نەشکا. بەرگتان پۆشی، بەڵام گەرم نەبوونەوە. کرێگرتەش کرێ وەردەگرێت، بەڵام دەیخاتە گیرفانێکی دڕاو.» 
 7 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «لە کردەوەکانتان ڕابمێنن.  8 سەربکەونە سەر چیا و دار بهێنن و ماڵەکەی من بنیاد بنێن، لێی ڕازی دەبم و شکۆدار دەبم.  9 چاوەڕێی زۆرتان کرد، بەڵام کەم هات. ئەوەی ئێوە هێناتانە ماڵەوە، فووم لێی کرد. لەبەر چی؟ لەبەر ماڵەکەم، ئەوەی کە وێرانە، ئێوەش هەریەکە و بە ماڵەکەی خۆیەوە سەرقاڵە.  10 لەبەر ئەوە ئاسمان شەونمی ڕاگرت و زەویش بەروبوومی خۆی ڕاگرت.  11 من وشکەساڵیم بانگکرد بۆ سەر زەوییەکە و بۆ سەر چیاکان، بۆ دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیت، بۆ سەر هەرچی خاکەکە بەرهەمی دەهێنێت، بۆ سەر مرۆڤ و ئاژەڵ، بۆ سەر هەموو کارەکانی دەست.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە. 
 12 ئینجا زروبابلی کوڕی شەئەلتیێل و یەشوعی کوڕی یەهۆچاداقی سەرۆک کاهین و هەموو پاشماوەی گەل گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگاریان و پەیامەکەی حەگەی پێغەمبەر بوون کە یەزدانی پەروەردگاریان ناردبووی، گەلیش لەبەردەم یەزدان ترسان. 
 13 ئینجا حەگەی نێردراوی یەزدان پەیامەکەی یەزدانی بە هەموو گەل ڕاگەیاند و گوتی: «یەزدان دەفەرموێت، من لەگەڵتاندام.»  14 ئینجا یەزدان ڕۆحی زروبابلی کوڕی شەئەلتیێلی فەرمانڕەوای یەهودای هەژاند لەگەڵ ڕۆحی یەشوعی کوڕی یەهۆچاداقی سەرۆک کاهین و ڕۆحی هەموو پاشماوەی گەل، جا هاتن و کارەکەی ماڵی یەزدانی سوپاسالاری خودای خۆیان ئەنجام دا،  15 لە بیست و چواری شەشی ساڵی دووەمی داریوشی پاشا.